بازرگانی کردن بە مرۆڤ چییە؟
بازرگانی کردن بە مرۆڤ شێوەیەکی کۆیلایەتی مۆدێرنە. ئەمە تاوانێکە کاتێک کەسێک کەسێکی تر دەچەوسێنێتەوە بۆ بەدەستهێنانی پارە لە بەرژەوەندی خۆی. ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤ دەکەن سوود لە بارودۆخی لاوازی قوربانییەکانیان وەردەگرن تاوەکو کۆنتڕۆڵیان بکەن. زۆرجار توندوتیژی جەستەیی یان دەرونی بەکاردەهێنن و ئازادی قوربانییەکە سنووردار دەکەن. ئەوان هەروەها ڕێگری دەکەن لە سەربەخۆیی بارودۆخی دارایی قوربانییەکان (بۆ نمونە لەبارەی نیشتەجێکردن، خواردن. بەڵگەنامەکان) و/یان بەسادەیی ئەو کەسانە مامەڵەی خراپ لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەن کە لە بارودۆخێکی لاوازدان. بازرگانیکار بە مرۆڤ دەکرێ لە تۆڕێکی تاوان کارەکانیان ئەنجام بدەن، بەڵام هەروەها دەشکرێ بە تەنیا کاربکەن.
بازرگانیکار بە مرۆڤ دەتوانن دەست لە هەموو کەسێک بدەن: گەوران و منداڵان، نێر، مێ و ڕەگەز گۆڕاو (نێرەموک)؛ لە هەموو نەتەوەیەک (بەلجیکی، یەکێتی ئەوڕوپا EU، و دەرەوەی یەکێتی ئەوڕوپا). دەکرێ تۆش ببیتە قوربانی یان بوویتە قوربانی!
چی ڕوودەدات کاتێک پەیوەندیمان پێوە دەکەیت؟
ئێمە گوێت لێ دەگرین
بەیەکەوە هەڵدەستین بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخ و داواکاریت. ئەگەر لە هەڵسانگاندندا دەربکەوێت کە تۆ ڕەنگە بوویتە قوربانی بازرگانی کردن بە مرۆڤ، ئەوا بانگهێشتت دەکەین بۆ سەنتەرێکی چاودێری ناوخۆیی بۆئەوەی زیاتر لەبارەی بارودۆخت بزانین.
ئەگەر هەڵسەنگاندن بکەین کە بارودۆخی تۆ بازرگانی کردن بە مرۆڤ نییە، ئەوا باشترین هەوڵی خۆمان دەدەین تاوەکو ڕێکخراوێک بدۆزینەوە کە بەباشترین شێوە یارمەتیت بدات.
قسەت لەگەڵدا دەکەین
لەکاتی بەڕێوچوونی چاوپێکەوتنەکەدا لە نوسینگەکەماندا، زیاتر قسەت لەگەڵدا دەکەین، ئەگەر ئەوە ڕوونبوویەوە کەوا تۆ قوربانی بازرگانی بە مرۆڤیت، ئەوا هەموو شتێکت بۆ ڕووندەکەینەوە لەبارەی مافەکانت و لەبارەی پاڵپشتی و ڕێکارەکانی پاراستنی قوربانی.
پاڵپشتیت پێشکەش دەکەین
دوای ئەمە تۆ بژاردەت دەبێت بەوەی دەتەوێت چی بکەیت: دەتوانی ئۆفەری ئێمە قەبوڵ بکەیت تاوەکو داخڵی ڕێکاری پاراستن ببیت، بەڵام دەتوانی بڕیار بدەیت کە داخڵی نەبیت. لەم حاڵەتەدا، ئێمە ناتوانین پاڵپشتیت بکەین، بەڵام باشترین هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ دۆزینەوەی ڕێکخراوێکی تر کەوا ڕەنگە بتوانێ ئەو پاڵپشتییەت پێ بدات کە بەدوایدا دەگەڕێیت.
ئایا ئەمە بازرگانی کردنە بە مرۆڤ؟
ئەگەر دڵنیانیت کە ئایا بارودۆخێک بازرگانی کردنە بە مرۆڤ یاخود نا، ئەم پرسیارانە یارمەتیت دەدەن لە زانینی ئەمە:
- ئایا زۆرت لێ کراوە شتێک بکەیت کە ناتەوێ بیکەیت؟
- ئایا بۆ چەندین کاتژمێری زۆر کاردەکەیت بۆ پارەیەکی کەم یان بەبێ پارە؟
- ئایا زۆرت لێ دەکرێت کە کاربکەیت لەوکاتەی نەخۆشیت یان برینداریت؟
- کەسێک هەڕەشەت لێ دەکات، خێزانەکەت یان ئازیزانت؟
- کەسێک کۆنتڕۆڵت دەکات و چاودێری جووڵەکانت دەکات؟
- کەسێک پاسپۆرت و بەڵگەنامەی ناسنمەی (ID) بردوویت؟
- ئایا وا هەست دەکەیت کە لەم بارودۆخەدا چەقیویت و وا بیردەکەیتەوە کە هیچ ڕێگەچارەیەکی تر نییە؟
ئەگەر وەڵامت بەڵێ بێت بۆ 2 یان زیاتری ئەم پرسیارانە، دەکرێ تۆ قوربانی دەستی بازرگانی کردن بە مرۆڤ بیت. دوودڵ مەبە لە پڕکردنەوەی فۆڕمەکە یان لە پەیوەندی کردن. ئێمە باشترین هەوڵی خۆمان دەدەین تاوەکو یارمەتیت بدەین لە دۆزینەوەی چارەسەرێک.
یارمەتی لە نزیکی خۆت بدۆزەرەوە
تۆ کێی؟
لە بەلجیکا 3 سەنتەری چاودێری تایبەتمەند هەن بۆ پاڵپشتی قوربانییانی دەستی بازرگانی کردن بە مرۆڤ: PAG-ASA, PAYOKE, SÜRYA. بەیەکەوە کاردەکەین بۆ یارمەتیدانی قوربانییانی بازرگانی کردن بە مرۆڤ، ئەوانەی بازرگانییان پێ کراوە و چەوسێنراونەتەوە لە بەلجیکا. ئێمە هەڵدەستین بە پێشکەش کردنی ئامۆژگاری و زانیاری و پاڵپشتی بۆ چاکبوونەوە لە چەوساندنەوە و بەدەستهێنانەوەی کۆنتڕۆل بۆسەر ژیانی خۆیان، و ئازاد ببن لە بازرگانی کردن بە مرۆڤ.
ئێمە ئەم کارە ئەنجام دەدەین لەچوارچێوەی ڕێکاری پاراستنی بەلجیکی بۆ قوربانییانی دەستی بازرگانی کردن بە مرۆڤ.
خزمەتگوزارییەکانی ئێمە بێ بەرامبەرن و نهێنین. ئەگەر دەتەوێ قسە لەبارەی بارودۆخت بکەیت بەشێوەیەک کە ناسنامەت ئاشکرا نەبێت، ئەمە دەکرێ و گونجاوە: پێویست ناکات ناوی خۆت بڵێیت.